رۆژی یەك شەممە (٤-٨-٢٠١٩) لەمیانەی سەردانی وەزیری نوێی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەڕێز (د.ئارام محمد قادر) بۆ زانكۆی سلێمانیو كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی زانكۆو بەرێوەبەرانی زانكۆ ، بەمەبەستی گوێگرتن لەكێشەو گرفتو داواكاریەكان، ڕاگری كۆلێج بەوەكالەت (د.سەلام عەبدولكەریم) پاش پیرۆزبایی لەوەزیری نوێ، داواكاریە سەرەكیەكانی كۆلێجەكەمانی ئاراستە كرد، كە بریتی بوون لە: ١- هاوكاریكردنو كاركردن بۆ دروستكردنی كەمپی كۆلێج، كە (٢٣ دۆنم) زەوی لەماستەرپلانی شاردا بۆ تەرخانكراوەو ئامادەیە بۆ دروستكردنی بینا لەسەری، لەبەر نەبوونی بیناو پێویستی زۆری كۆلێجەكە بەمەبەستی فراوانكردنو كردنەوەی بەشی نوێ تێیدا. ٢- كاركردنو هەوڵدان بۆ پڕكردنەوەی ستافی زانستیو ئەكادیمی كۆلێجەكە بەهۆی كەمی مامۆستای میلاك، لەرێگەی سود وەرگرتن لەو مامۆستایانەی نێردراون بۆ خوێندن لەدەرەوە لەرێی بەرنامەی تواناسازیەوەو گواستنەوەی راژەكانیان بۆسەر میلاكی كۆلێجەكەمان، یان هەوڵدان بۆ گواستنەوەی ئەو مامۆستایانەی، كە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرانو نازناوی زانستیان هەیە و لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردەن یاخود دامەزراندنی فەرمی یا لانیكەم بەشێوەی گرێبەست بۆ ئەو مامۆستایانەی كە تاوەكو ئێستا دانەمەزراونو خاوەنی بڕوانامەی ماستەرن. لەلایەن بەڕێز وەزیری نوێوە بەڵێن درا كە بەدواداچوون بۆ كێشەو گرفتەكانی كۆلێجەكە بكرێتو هەوڵی چارەسەركردنو جێبەجێكردنی داواكاریەكان بكات. |
News&Event >
